Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

ڕابەران 14 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


شەمشون ژن دەهێنێت

1 ئینجا شەمشون بەرەو خوار چوو بۆ تیمنا و لە تیمنادا ئافرەتێکی لە کچانی فەلەستییەکان بینی.

2 جا هاتەوە و بە دایک و باوکی گوت: «ئافرەتێکم لە تیمنا لە کچانی فەلەستییەکان بینی و ئێستاش بۆم داوا بکەن وەک ژنم.»

3 دایک و باوکیشی وەڵامیان دایەوە: «ئایا لەناو کچانی خزمەکانت و لەناو هەموو گەلەکەتدا ئافرەتێکی تێدا نییە، هەتا بچیت و ژنێک لە فەلەستییە خەتەنەنەکراوەکان بهێنیت؟» شەمشونیش بە باوکی گوت: «ئەوم بۆ بهێنە، چونکە ئەوم بەدڵە.»

4 دایک و باوکیشی نەیانزانی ئەوە لەلایەن یەزدانەوەیە، کە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕا لە دژی فەلەستییەکان، چونکە لەو کاتەدا فەلەستییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوون.

5 ئینجا شەمشون و دایک و باوکی بەرەو خوار چوون بۆ تیمنا و هاتن بۆ ڕەزەمێوەکانی تیمنا و لەو کاتەدا جوانە شێرێک لێی هاتە پێش و دەینەڕاند.

6 جا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و وەک کارەبزن پارچەپارچەی کرد، ئەگەر چی هیچیشی بەدەستەوە نەبوو. کەچی دایک و باوکیشی ئاگادار نەکردەوە لەوەی کە کردی.

7 ئینجا چوو و قسەی لەگەڵ ئافرەتەکەدا کرد و شەمشون بە دڵی بوو.

8 پاش چەند ڕۆژێک، کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەوەی بیهێنێت، لایدا هەتا لاشەی شێرەکە ببینێت، تەماشای کرد شارە هەنگێک لەناو هەناوی شێرەکە هەیە لەگەڵ هەنگوین.

9 جا هەردوو چنگی لێ پڕکرد و بە ڕۆیشتنەوە دەیخوارد. ئەوسا چوو بۆ لای دایک و باوکی، بەشی دان و خواردیان، پێی نەگوتن کە هەنگوینەکەی لە هەناوی شێرەکەوە دەرهێناوە.

10 ئینجا باوکی چووە خوارەوە بۆ لای ئافرەتەکە و شەمشونیش لەوێ زەماوەندێکی ساز کرد، چونکە ئەمە نەریتی زاوا بوو.

11 جا کاتێک بینییان سی هاوڕێیان هێنا و لەگەڵیدا بوون.

12 ئینجا شەمشون پێی گوتن: «مەتەڵێکتان پێ دەڵێم ئەگەر لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا هەڵتانهێنا و دۆزیتانەوە سی کراسی کەتان و سی قات جلتان پێدەدەم،

13 بەڵام ئەگەر بۆتان هەڵنەهێنام ئەوا ئێوە سی کراسی کەتان و سی قات جل بە من دەدەن.» ئەوانیش گوتیان: «مەتەڵەکەت بڵێ با گوێمان لێی بێت.»

14 ئەویش وەڵامی دانەوە: «لە بخۆر، خواردن هاتە دەرەوە، لە بەهێزیش، شیرینی.» ئەوانیش لە سێ ڕۆژدا نەیانتوانی مەتەڵەکە هەڵبهێنن.

15 لە ڕۆژی چوارەمدا بە ژنەکەی شەمشونیان گوت: «مێردەکەت فریو بدە بۆ ئەوەی مەتەڵەکەمان پێ بڵێت، ئەگینا خۆت و ماڵی باوکت بە ئاگر دەسووتێنین. داوەتتان کردووین بۆ ئەوەی ڕووتمان بکەنەوە؟»

16 ئینجا ژنەکەی شەمشون لەلای گریا و گوتی: «تۆ ڕقت لێمە و منت خۆشناوێت. مەتەڵێکت بە نەوەی گەلەکەم گوتووە و وەڵامەکەت بە من نەگوتووە.» ئەویش پێی گوت: «تەنانەت بۆ دایک و باوکمم ڕوون نەکردووەتەوە، ئیتر چۆن بۆ تۆی ڕوون بکەمەوە؟»

17 بەو شێوەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا لەلای گریا و ئینجا ئەویش لە ڕۆژی حەوتەم پێی گوت، چونکە تەنگی پێهەڵچنی و ئەویش مەتەڵەکەی بۆ نەوەی گەلەکەی ئاشکرا کرد.

18 جا پیاوانی شارۆچکەکە لە ڕۆژی حەوتەم بەر لە ئاوابوونی خۆر پێیان گوت: «چ شتێک لە هەنگوین شیرینترە و لە شێر بەهێزترە؟» ئەویش پێی گوتن: «ئەگەر بە گوێرەکەکەم نەتاندەکێڵا، مەتەڵەکەمتان هەڵنەدەهێنا.»

19 ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و بەرەو خوار چوو بۆ ئەسقەلان و سی پیاوی لێ کوشتن و تاڵانییەکەیانی برد و جلەکانی ئەوانی دایە ئاشکراکەرانی مەتەڵەکە. پاشان زۆر تووڕە بوو و چووەوە ماڵی باوکی.

20 ژنەکەی شەمشونیش بوو بە ژنی ئەو هاوڕێیەی کە لە زەماوەندەکەیدا لەگەڵی بوو.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan