Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

ڕابەران 12 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


یەفتاح و ئەفرایم

1 ئینجا پیاوانی لەشکری ئەفرایم بانگکران و کۆبوونەوە و پەڕینەوە بۆ شارۆچکەی چافۆن و بە یەفتاحیان گوت: «بۆچی بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان پەڕیتەوە و بانگت نەکردین بۆ ئەوەی لەگەڵت بێین؟ لەبەر ئەوە ماڵەکەت بە ئاگر بەسەرتدا دەسووتێنین.»

2 یەفتاحیش وەڵامی دانەوە: «من و گەلەکەم لەگەڵ عەمۆنییەکاندا ململانێیەکی توندمان هەبوو، کاتێک بانگم کردن، ئێوە لە دەستیان ڕزگارتان نەکردم.

3 کاتێک بینیم ئێوە ڕزگارم ناکەن، گیانم خستە دەستمەوە و پەڕیمەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدانیش ئەوانی خستە ژێر دەستمەوە. ئیتر بۆچی ئێوە ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرم بۆ ئەوەی لە دژم بجەنگن؟»

4 ئینجا یەفتاح هەموو پیاوانی گلعادی کۆکردەوە و لە دژی ئەفرایم جەنگا و پیاوانی گلعاد ئەفرایمیان بەزاند، چونکە ئەفرایمییەکان گوتبوویان: «ئێوەی گلعادی لە دەست ئەفرایم و مەنەشە ڕاتانکردووە.»

5 گلعادییەکان تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان لە ئەفرایم گرت، لەو کاتەدا هەرکەسێک لە هەڵاتووەکانی ئەفرایم بیگوتایە: «لێمگەڕێن با تێپەڕم،» پیاوانی گلعاد پێیان دەگوت: «تۆ ئەفرایمیت؟» ئەگەر دەیگوت: «نەخێر،»

6 پێیان دەگوت: «باشە بڵێ ”شیبۆلەت.“» ئەویش دەیگوت: «سیبۆلەت،» چونکە بە تەواوی نەیدەتوانی وشەکە دەرببڕێت. ئینجا دەیانگرت و لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەیانکوشت. لەو کاتەدا چل و دوو هەزار لە ئەفرایم کوژران.

7 لەدوای ئەوە یەفتاح شەش ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و پاشان یەفتاحی گلعادی مرد و لە یەکێک لە شارۆچکەکانی گلعاد نێژرا.


ئیبسان و ئێلۆن و عەبدۆن

8 پاش ئەو ئیبسانی خەڵکی بێت‌لەحم ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و

9 سی کوڕ و سی کچی هەبوو، کچەکانی بە شوو دا بە خەڵکی دەرەوەی خێڵەکەی و لە دەرەوەی خێڵەکەی سی بووکی بۆ کوڕەکانی هێنا. ئیبسان حەوت ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و

10 پاشان مرد و لە بێت‌لەحم نێژرا.

11 پاش ئەو ئێلۆنی زەبولونی دە ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و

12 پاشان مرد و لە ئەیالۆن لە خاکی زەبولون نێژرا.

13 پاش ئەویش عەبدۆنی کوڕی هیلێل لە شاری پیرعاتۆن ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و

14 چل کوڕ و سی کوڕەزای هەبوو سواری حەفتا گوێدرێژ دەبوون. هەشت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.

15 ئینجا عەبدۆنی کوڕی هیلێلی پیرعاتۆنی مرد و لە پیرعاتۆن لە خاکی ئەفرایمدا لە ناوچە شاخاوییەکانی عەمالێقییەکان نێژرا.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan