ئیشایا 8 - كوردی سۆرانی ستاندهردئیشایا و منداڵان وەک نیشانە و هێما 1 یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.“» 2 هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا. 3 لە پێغەمبەرە ژن نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز، 4 چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.» 5 ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی: 6 «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئاوی هێمنی شیلۆوەحی ڕەتکردەوە، دڵخۆش بوو بە ڕەچین و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو، 7 لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە ئاوی ڕووبارە بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت، مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی. جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات، 8 بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن، لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە، ئەی ئیمانوێل!» 9 ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە! ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن: خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە! خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە! 10 ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت، قسە بکەن، سەرناگرێت، چونکە خودا لەگەڵمانە. 11 یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم: 12 «مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“ بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی، مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقە. 13 تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و دەبێ لەو بترسی، لەو بتۆقی. 14 ئەو دەبێتە پیرۆزگا، بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە. بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەبێت بە تەڵە و داو. 15 زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون، دەکەون و تێکدەشکێن، بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.» 16 ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە، فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە. 17 چاوەڕێی یەزدان دەکەم، ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە، من پشت بەو دەبەستم. 18 ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە یەزدان پێیداوم، لەناو ئیسرائیلدا وەک نیشانە و هێمای یەزدانی سوپاسالارین کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە. تاریکی دەبێتە ڕووناکی 19 کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان و ڕۆح ئامادەکاران بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“ 20 بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت. 21 بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن. 22 ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.» |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.