ئیشایا 56 - كوردی سۆرانی ستاندهردڕزگاری بۆ ئەوانەی دوورن 1 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دادپەروەری بپارێزن و ڕاستودروستی ئەنجام بدەن، چونکە بەم نزیکانە ڕزگاریم دێت و ڕاستودروستیم ئاشکرا دەبێت. 2 خۆزگە بەو مرۆڤەی ئەمە دەکات و بەو ئادەمیزادەی توند دەستی پێوە دەگرێت، ئەوەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزێت و دەستی دەپارێزێت لە کردنی هەموو خراپەیەک.» 3 با ئەو بیانییەی خۆی داوەتە پاڵ یەزدان نەڵێت: «یەزدان بە تەواوی جیام دەکاتەوە لە گەلەکەی.» با خەساویش نەڵێت: «ئەوەتا من تەنها دارێکی وشکم.» 4 لەبەر ئەوەی یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو خەساوانەی ڕۆژەکانی شەممەم دەپارێزن، ئەوە هەڵدەبژێرن کە دڵم پێی خۆشە و دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە، 5 لەناو پەرستگای خۆم و دیوارەکانی یادەوەری و ناویان پێدەدەم، لە کوڕان و لە کچان باشترن بۆیان. ناوێکی هەتاهەتاییان پێدەدەم کە نابڕدرێتەوە. 6 ئەو بیانییانەش کە خۆیان داوەتە پاڵ یەزدان بۆ پەرستنی و بۆ خۆشویستنی ناوی یەزدان هەتا بۆی ببن بە بەندە، هەموو ئەوانەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزن و دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە 7 دەیانهێنمە کێوی پیرۆزم، لە ماڵی نوێژم دڵخۆشیان دەکەم. قوربانی سووتاندن و سەربڕاویان مایەی ڕەزامەندین لەسەر قوربانگاکەم، چونکە ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت بۆ هەموو گەلان.» 8 یەزدانی باڵادەست، ئەوەی دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، دەفەرموێت: «زیاتر کۆدەکەمەوە لەگەڵ ئەوانەی کە کۆمکردوونەتەوە.» خودا بەدکاران تاوانبار دەکات 9 ئەی هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر، ئەی هەموو گیانلەبەرانی دارستان، وەرن، بخۆن! 10 ئێشکگرەکانی گەل هەموو کوێرن، نەزانن. هەموو سەگی لاڵن، ناتوانن بوەڕن. خەونبین و پاڵکەوتوون، حەزیان لە خەوە. 11 سەگەکان چاو برسین، تێربوون نازانن. ئەوان شوانن و تێناگەن، هەموو ملی ڕێی خۆیان گرت، هەریەکە و بۆ قازانج لەلای خۆیەوە. 12 دەڵێن: «وەرن شەراب بهێنین! با مەی بنۆشین! بەیانیش وەک ئەمڕۆ دەبێت، بەڵکو زۆر باشتریش.» |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.