Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

ئیشایا 55 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


بانگهێشتکردنی تینووەکان

1 «هۆ ئەی هەموو تینووەکان، وەرن، وەرن بۆ ئاو، ئەوانەش کە پارەیان نییە، وەرن، بکڕن و بخۆن! وەرن ئێوە پارە مەدەن، بەبێ نرخ شەراب و شیر بکڕن.

2 بۆچی پارە بە شتێک بەهەدەر دەدەن کە نان نییە؟ بۆچی کارێک دەکەن لە پێناوی شتێک کە تێرتان ناکات؟ بە تەواوی گوێم لێ بگرن و ئەوە بخۆن کە باشە، با گیانتان تام لە چەوری وەربگرێت.

3 گوێتان شل بکەن و وەرنە لام، گوێ بگرن بۆ ئەوەی گیانتان بژیێت. پەیمانی هەتاهەتاییتان لەگەڵدا دەبەستم، خۆشەویستی نەگۆڕ و چەسپاوم بۆ داود.

4 ئەوەتا کردم بە شایەت بەسەر نەتەوەکانەوە، ڕابەر و فەرماندە بۆ نەتەوەکان.

5 ئەوەتا ئەو نەتەوانەی نایانناسیت بانگیان دەکەیت و ئەو نەتەوانەی ناتناسن بۆ لات ڕادەکەن، لەبەر یەزدانی پەروەردگارت، لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل، چونکە شکۆمەندی کردیت.»

6 ڕووتان لە یەزدان بکەن هەتا کاتی ماوە، لێی بپاڕێنەوە کە هێشتا نزیکە.

7 با بەدکار واز لە ڕێگای خۆی بهێنێت و خراپەکاریش لە بیرکردنەوەکانی، با بگەڕێتەوە لای یەزدان، ئەویش بەزەیی پێدا بێتەوە، بۆ لای خودامان، چونکە زۆر لێبوردەیە.

8 «بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

9 «هەروەک بەرزیی ئاسمان لە زەوییەوە، ئاوا بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتاندا و بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان.

10 هەروەک چۆن باران و بەفر لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە و ناگەڕێنەوە ئەوێ، بەڵکو زەوی ئاو دەدەن و وای لێ دەکەن بەرهەم بدات و ڕووەکی لێ بڕووێت و تۆو بدات بۆ تۆوکردن و نان بۆ خواردن،

11 فەرمایشتەکەم ئاوا دەبێت کە لە دەممەوە دێتە دەرەوە: بە بەتاڵی ناگەڕێتەوە بۆم، بەڵکو ئەوەی من پێم خۆشە دەیکات و سەرکەوتوو دەبێت لەوەی بۆی دەنێرم.

12 ئەو کاتە بە خۆشییەوە دەچنە دەرەوە و بە ئاشتییەوە ڕابەرایەتیتان دەکرێت، چیاکان و گردەکان لەبەردەمتان دەکەونە هاواری خۆشییەوە، هەموو دارەکانی دەشتودەریش بە دەست چەپڵە لێ دەدەن.

13 لە جێی دڕک سنەوبەر دەڕوێت و لە جێی چقڵیش مۆرد دەڕوێت، بۆ یەزدان دەبێت بە ناوێک، نیشانەیەکی هەتاهەتایی کە لەناو ناچێت.»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan