ئیشایا 46 - كوردی سۆرانی ستاندهردخوداوەندەکانی بابل 1 بێل چۆکی دادا و نەبۆ چەمایەوە، بتەکانیان بارن بۆ ڕەشەوڵاخ. ئەوەی باری دەکەن باری هەڵگیراون، بارن بەسەر ئاژەڵە ماندووەکانەوە. 2 هەموو چەمانەوە، پێکەوە چۆکیان دادا، نەیانتوانی بارەکە دەرباز بکەن و ئەوان خۆشیان ڕاپێچ کران. 3 «ئەی بنەماڵەی یاقوب، گوێم لێ بگرن، ئەی هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەی ئەوانەی هەڵمگرتوون لەو کاتەوەی لەناو ڕەحم بوونە، لەو ڕۆژەوەی کە لەدایک بوونە گرنگیم پێداون. 4 هەتا پیریش بن هەر من ئەوم، هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم. من دروستم کردوون و ئێوە باری منن، هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم. 5 «بە کێ هاوشێوەم دەکەن و یەکسانم دەکەن و هاووێنەم دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک بچین؟ 6 ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و زیویش بە تەرازوو دەکێشن، زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک، ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن. 7 دەیخەنە سەر شان، هەڵیدەگرن، لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت، لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە. هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە، لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات. 8 «ئەمەتان لەبیر بێت و وردبنەوە! ئەی یاخیبووان، بیخەنە مێشکتانەوە. 9 سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە، بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە، خودام و هیچی دیکە نییە وەک من. 10 لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە، لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە. فەرمووم: ”ڕاوێژی من سەر دەگرێت، هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم.“ 11 داڵ لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگ دەکەم، لە خاکێکی دووریشەوە ئەوەی ئامانجی من بەجێدەگەیەنێت. فەرمووم و ئەنجامی دەدەم، دامڕشتووە و دەیکەم. 12 ئەی کەللەڕەقەکان، گوێم لێ بگرن، ئەی دوورەکان لە ڕاستودروستی. 13 ڕاستودروستی خۆمم نزیک خستووەتەوە، دوور ناکەوێتەوە و ڕزگاربوونم دوا ناکەوێت. ڕزگاری بە سییۆن دەبەخشم، بە ئیسرائیلی شکۆمەندیم. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.