Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

ئیشایا 45 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد

1 «یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت، ئەوەی دەستی ڕاستیم گرت بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و پاشایان چەک بکەم، بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و دەرگاکان دانەخرێن:

2 ”من لەپێشتەوە دەڕۆم و تەپەکان تەخت دەکەم، دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە.

3 گەنجینەکانی تاریکی و خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ، هەتا بزانیت کە من یەزدانم، خودای ئیسرائیل، ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات.

4 لەبەر یاقوبی بەندەم و ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.

5 من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە، بێجگە لە من خودای دیکە نییە. هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە، بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم،

6 بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن بێجگە لە من خودای دیکە نییە. من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.

7 شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم، دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم، من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“

8 «ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە، با هەورەکان بیپرژێنێت. با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە ڕزگاری بەر بگرێت و ڕاستودروستی سەرهەڵبدات؛ من یەزدانم بەدیم هێنا.

9 «قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات، پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی. ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت: ”چی دروستدەکەیت؟“ یان دەڵێت: ”ئەوەی دروستت کردووە دوو دەسکی نییە“؟

10 قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت: ”چ منداڵێکت خستەوە؟“ بە دایکەکەشی: ”چیت لێ دەبێت؟“

11 «یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی، ئەمە دەفەرموێت: دەربارەی ئەوانەی دێت، ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن، سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامدەسپێرن؟

12 من زەویم دروستکرد و مرۆڤی سەریم بەدیهێنا. دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.

13 من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم. ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»

14 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و سەبئییە باڵا بەرزەکان بۆ لای ئێوە دەپەڕنەوە و بۆ ئێوە دەبن. لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و دەپەڕنەوە بۆ لاتان. کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و لە ئێوە دەپاڕێنەوە و دەڵێن: ”بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە، خودای دیکە نییە.“»

15 بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە، خودای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەر.

16 هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن، پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن،

17 بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت، بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی. شەرمەزار و ڕیسوا نابن هەتاهەتایە.

18 یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەری ئاسمان، ئەو خودایە، شێوەکێشی زەوی و دروستکەری، ئەو دایمەزراند. بەخۆڕایی بەدی نەهێنا، بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا، دەفەرموێت: «من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.

19 لە پەناوە قسەم نەکرد، لە شوێنێکی تاریکی زەوی. بە توخمی یاقوبم نەفەرموو، ”بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن.“ من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم و ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم.

20 «کۆببنەوە و وەرن، ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش. نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان، ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.

21 ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش. با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن. لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە، لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟ ئایا منی یەزدان نەبوو؟ بێجگە لە من هیچ خودایەک نییە، خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر بێجگە لە من نییە.

22 «ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت، ئەی هەموو لایەکانی زەوی، چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.

23 سوێندم بە گیانی خۆم خوارد، ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە، وشەیەکە و ناگەڕێتەوە، کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات، هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات.

24 سەبارەت بە من دەڵێن: ”ڕاستودروستی و هێز تەنها بە یەزدانە.“» هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،

25 بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan