ئیشایا 31 - كوردی سۆرانی ستاندهردقوڕبەسەر ئەوانەی پشت بە میسر دەبەستن 1 قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی، پشت بە ئەسپ دەبەستن، متمانە بە زۆری گالیسکە و هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن، بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و داوای یارمەتییان لە یەزدان نەکرد. 2 ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت، لە وشەی خۆی با ناداتەوە. هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران. 3 بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا، ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح. کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات، یارمەتیدەر ساتمە دەکات و یارمەتیدراو دەکەوێت، هەموو پێکەوە لەناودەچن. 4 ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت: «وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت بەسەر نێچیرەکەیەوە، ئەوەی کۆمەڵە شوان هاواری لێ دەکەن، لە دەنگیان ناترسێت و لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت، ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی. 5 وەک باڵندە فڕیوەکان، ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات، پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت، بەسەریدا تێدەپەڕێت و دەربازی دەکات.» 6 ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە بۆ لای ئەوەی کە بە توندی لێی هەڵگەڕانەوە، 7 چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن. 8 «ئاشور دەکەوێت، بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا، شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات. جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن. 9 قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت، میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،» یەزدان دەفەرموێت، ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.