Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

حەگەی 1 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


بانگەوازێک بۆ بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان

1 لە یەکی مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە بۆ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و بۆ یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین هات و فەرمووی:

2 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەم گەلە گوتیان: ”هەتا ئێستا کاتی بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان نەهاتووە.“»

3 ئینجا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات:

4 «ئایا دەگونجێ کە لە ماڵە ڕازاوەکەتان دابنیشن، بەڵام ئەم ماڵە وێرانە؟»

5 ئێستاش یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن.

6 زۆرتان چاند، بەڵام کەم هات. خواردتان، بەڵام تێر نەبوون. خواردتانەوە، بەڵام تینووێتیتان نەشکا. بەرگتان پۆشی، بەڵام گەرم نەبوونەوە. کرێگرتەش کرێ وەردەگرێت، بەڵام دەیخاتە گیرفانێکی دڕاو.»

7 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن.

8 سەربکەونە سەر چیا و دار بهێنن و ماڵەکەی من بنیاد بنێن، لێی ڕازی دەبم و شکۆدار دەبم.

9 چاوەڕێی زۆرتان کرد، بەڵام کەم هات. ئەوەی ئێوە هێناتانە ماڵەوە، فووم لێی کرد. لەبەر چی؟ لەبەر ماڵەکەم، ئەوەی کە وێرانە، ئێوەش هەریەکە و بە ماڵەکەی خۆیەوە سەرقاڵە.

10 لەبەر ئەوە ئاسمان شەونمی لەسەر ئێوە ڕاگرت و زەویش بەروبوومی خۆی ڕاگرت.

11 من وشکەساڵیم بانگکرد بۆ سەر زەوییەکە و بۆ سەر چیاکان، بۆ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، بۆ سەر هەرچی خاکەکە بەرهەمی دەهێنێت، بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵ، بۆ سەر هەموو کارەکانی دەست.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

12 ئینجا زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و هەموو پاشماوەی گەل گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاریان و پەیامەکەی حەگەی پێغەمبەر بوون کە یەزدانی پەروەردگاریان ناردبووی، گەلیش لەبەردەم یەزدان ترسان.

13 ئینجا حەگەی نێردراوی یەزدان پەیامەکەی یەزدانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت، من لەگەڵتاندام.»

14 ئینجا یەزدان ڕۆحی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودای هەژاند لەگەڵ ڕۆحی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و ڕۆحی هەموو پاشماوەی گەل، جا هاتن و کارەکەی ماڵی یەزدانی سوپاسالاری خودای خۆیان ئەنجام دا،

15 لە بیست و چواری مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan