پەیدابوون 35 - كوردی سۆرانی ستاندهردگەڕانەوەی یاقوب بۆ بێتئێل 1 ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە و بڕۆ بۆ بێتئێل و لەوێ نیشتەجێ بە. هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت کاتێک کە لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.» 2 ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانە لە خۆتان دابماڵن کە پێتانە، ئینجا خۆتان پاک بکەنەوە و جلەکانیشتان بگۆڕن. 3 با هەستین و بەرەو بێتئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.» 4 ئەوانیش هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی کە پێیان بوو لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە. 5 ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت. 6 یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێتئێلە لە خاکی کەنعان. 7 لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناو نا ئێل بێتئێل، چونکە لەو شوێنەدا و لە کاتی هەڵاتنی لەدەست براکەی، خودای بۆ دەرکەوت. 8 دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێتئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت. 9 کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد. 10 خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل. 11 ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن. 12 ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.» 13 ئیتر خودا لەو شوێنە بەرزبووەوە کە قسەی لەگەڵ یاقوب کرد. 14 یاقوبیش ستوونێکی بەردینی لەو شوێنە ڕاگیر کرد کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ئینجا شەرابی پێشکەشکراو و زەیتی بەسەردا کرد. 15 یاقوب ئەو شوێنەی ناو نا بێتئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد. مردنی ڕاحێل و ئیسحاق 16 ئینجا هەموویان لە بێتئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار. 17 لەبەر ئەوەی منداڵبوونەکەی دژوار بوو، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەم منداڵەشت کوڕە.» 18 ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناو نا بەنئۆنی. بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین. 19 ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێتلەحمە. 20 یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە. 21 ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا. 22 کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی سەرجێیی کرد. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە. یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو: 23 کوڕەکانی لێئە: ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب. شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون. 24 کوڕەکانی ڕاحێل: یوسف و بنیامین 25 کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل: دان و نەفتالی. 26 کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە: گاد و ئاشێر. ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون. 27 یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، ئەو شوێنەی کە ئیبراهیم و ئیسحاق تێیدا ئاوارە بوون. 28 ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ ژیا. 29 ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. عیسۆ و یاقوبی کوڕی ناشتیان. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.