Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

عەزرا 9 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


نزای عەزرا لەبارەی ژنهێنان و شووکردن

1 پاش تەواوبوونی ئەمە، ڕابەرەکان هاتن بۆ لام و گوتیان: «گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان خۆیان جیا نەکردووەتەوە لە گەلانی دراوسێ و نەریتە قێزەونەکانیان، لە کەنعانی، حیتی، پریزی، یەبوسی، عەمۆنی، مۆئابی، میسری و ئەمۆرییەکان،

2 چونکە لە کچەکانی ئەوانیان بۆ خۆیان و کوڕەکانیان هێناوە و نەژادی پیرۆز تێکەڵ بە گەلانی خاکەکان بووە. دەستی ڕابەر و کاربەدەستەکانیش لەم ناپاکییە یەکەم بووە.»

3 کە گوێم لەم شتە بوو، کراسەکەم و کەواکەم دادڕی و مووی سەر و ڕیشی خۆمم ڕنییەوە و بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم.

4 جا هەموو ئەوانەی لە ترسی وشەکانی خودای ئیسرائیل لەرزین لێم کۆبوونەوە، لەبەر ناپاکی ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە. منیش هەتا کاتی قوربانی ئێوارە بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم.

5 لە کاتی قوربانی ئێوارەدا لە زەلیلکردنی خۆم هەستام و بە کراس و کەوا دڕاوەکەمەوە کەوتمە سەر چۆک و دەستم بۆ یەزدانی پەروەردگارم پانکردەوە و

6 گوتم: «خودایە، من شەرمەزار و سەرشۆڕم لەوەی ڕووم ڕووەو تۆ هەڵبڕم، چونکە تاوانەکانمان لەسەر سەرمان بەرزبوونەوە و خراپەکانمان بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە.

7 لە سەردەمی باوباپیرانمانەوە هەتا ئەمڕۆ ئێمە لە خراپەیەکی گەورەداین، لەبەر تاوانەکانمان ئێمە و پاشا و کاهینەکانمان دراینە دەست پاشایانی خاکەکان و کەوتینە بەر شمشێر و دیلیێتی و تاڵان و سەرشۆڕی، وەک ئەمڕۆ.

8 «بەڵام ئێستا بۆ ساتێک یەزدانی پەروەردگارمان میهرەبان بوو بەرامبەرمان کە دەربازمان دەکات و سنگێکمان لە پیرۆزگای خۆی دەداتێ، تاکو خودامان چاومان ڕووناک بکاتەوە و لە کاتی کۆیلەییدا هەندێک بمانبووژێنێتەوە.

9 هەرچەندە ئێمە کۆیلەین، بەڵام خودامان لە کۆیلایەتییمان بەجێی نەهێشتین، بەڵکو لەبەردەم پاشاکانی فارس بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشین: ژیانی نوێی پێمان داوە بۆ ئەوەی ماڵی خوداکەمان بنیاد بنێینەوە و کەلاوەکانی نۆژەن بکەینەوە، هەروەها لە یەهودا و ئۆرشەلیم دیوارێکی پێمان داوە.

10 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، پاش ئەوە چی بڵێین؟ وازمان لە فەرمانەکانت هێنا،

11 ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانت فەرمانت پێدا و فەرمووت: ”ئەو خاکەی دەچنە ناوی تاکو دەستی بەسەردا بگرن، خاکێکی گڵاوە بەهۆی گڵاوی خەڵکەکەیەوە، کە بەهۆی نەریتە قێزەونەکانیان لەمپەڕ بۆ ئەوپەڕی خاکەکەیان پڕ کردووە لە گڵاوی.

12 ئێستاش کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیشیان بۆ کوڕەکانتان مەهێنن. هەرگیز پەیمانی ئاشتی و چاکەیان لەگەڵ مەبەستن، تاوەکو ئێوە بەهێز بن و خێری خاکەکە بخۆن و بۆ هەتاهەتایە بە میرات بۆ کوڕەکانتانی بەجێبهێڵن.“

13 «هەموو ئەوە بەهۆی کارە خراپەکانمان و بەدکارییە گەورەکانمان بەسەرمان هات. ئەی خودای ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ لە تاوانەکانمان کەمتر سزات داین و دەربازبوونێکی بەم شێوەیەت بە ئێمە بەخشی.

14 ئایا بگەڕێینەوە و سەرپێچی فەرمانەکانت بکەین و خزمایەتی لەگەڵ ئەو گەلانە بکەین کە ئەم جۆرە نەریتە قێزەونە دەکەن؟ ئایا لێمان تووڕە نابیت و لەناومان نابەیت هەتا ئەوەی هیچ پاشماوە و دەربازبووێکمان نەبێت؟

15 ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ ڕاستودروستیت، چونکە هەتا ئەمڕۆ بە دەربازبوویی ماوینەتەوە. ئەوەتا ئێمە بە تاوانەکانمانەوە لەبەردەمتداین، چونکە لەبەر ئەمە بۆ ئێمە نییە لەبەردەمت ڕابوەستین.»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan