Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

حزقیێل 9 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


کوشتنی بتپەرستان

1 ئینجا گوێم لێ بوو بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و فەرمووی: «پاسەوانانی شار بهێنن، هەرکەسە و چەکە لەناوبەرەکەی بە دەستییەوە بێت.»

2 شەش پیاو لەلای دەروازەی سەرەوە هاتن کە ڕووەو باکوورە، هەریەکەشیان چەکە کوشندەکەی بە دەستییەوە بوو، پیاوێکیش کە کەتانی پۆشی بوو لە ناوەڕاستیان بوو، مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو. هاتنە ژوورەوە و لەتەنیشت قوربانگا بڕۆنزییەکە ڕاوەستان.

3 شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەو شوێنەی کە لێی بوو، لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا بانگی ئەو پیاوەی کرد کە کەتانی پۆشیبوو و مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو،

4 یەزدان پێی فەرموو: «بەناو شاری ئۆرشەلیمدا تێبپەڕە، نیشانە لە ناوچەوانی ئەو پیاوانە بدە کە دەناڵێنن و هەنسک هەڵدەکێشن لەبەر هەموو ئەو کارە قێزەونانەی کە لە ناوەڕاستی شارەکەدا دەکرێن.»

5 ئینجا گوێم لێ بوو بەوانەی فەرموو: «بەدوایدا بڕۆن و بەناو شارەکەدا تێبپەڕن و بکوژن. نە چاوەکانتان بەزەییان بێتەوە و نە دڵتان بسووتێ.

6 پیر و گەنج و کچ و منداڵ و ئافرەتەکان لەناوببەن و بیانکوژن، بەڵام ئەو کەسەی نیشانەکەی پێوەیە لێی نزیک مەبنەوە. لە پیرۆزگاکەمەوە دەستپێبکەن.» ئەوانیش لەو پیرانەوە دەستیان پێکرد کە لەبەردەم ماڵەکە بوون.

7 پێی فەرموون: «ماڵەکە گڵاو بکەن و حەوشەکان پڕ بکەن لە کوژراو! بڕۆنە دەرەوە!» جا چوونە دەرەوە و لەناو شاردا کوشتاریان کرد.

8 لەو کاتەدا کە ئەوان کوشتاریان دەکرد من مابوومەوە، منیش خۆمم بە زەویدا دا و هاوارم کرد و گوتم: «ئای! ئەی یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ هەموو پاشماوەی ئیسرائیل لەناودەبەیت بەوەی تووڕەیی خۆت بەسەر ئۆرشەلیمدا دەڕێژیت؟»

9 پێی فەرمووم: «تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودا زۆر زۆر گەورەیە و خاکەکە پڕ بووە لە خوێن، شار پڕ بووە لە گەندەڵی، چونکە دەڵێن: ”یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە و یەزدان نابینێت.“

10 لەبەر ئەوە منیش چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە.»

11 ئینجا ئەو پیاوەی کەتانی لەبەربوو کە مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو، هەواڵی هێنایەوە و گوتی: «وەک ئەوەی فەرمانت پێکردم، جێبەجێم کرد!»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan