Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

حزقیێل 5 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد

1 «ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، شمشێرێکی تیژ وەک گوێزانی سەرتاش بۆ خۆت ببە و بەسەر سەر و ڕیشتدا بیهێنە. تەرازووێک بۆ کێشان بۆ خۆت ببە مووەکە بەش بکە.

2 کە ڕۆژانی گەمارۆکە تەواو دەبێت سێیەکی لە ناوەڕاستی شارەکەدا بە ئاگر بسووتێنە، سێیەکیشی ببە و لە دەوروبەری شارەکە بە شمشێر لێی بدە، سێیەکیشی بە بادا بکە، لەبەر ئەوەی من بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.

3 چەند تاڵێک مووی کەم بە ژمارە لێی ببە و بە دامێنی کراسەکەی خۆتەوە گرێی بدە.

4 هەروەها هەندێکیشی ببە و فڕێیبدە ناو ئاگر و بە ئاگر بیسووتێنە. لەوەوە ئاگر دەردەچێت بۆ سەر هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل.

5 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمە ئۆرشەلیمە کە لە ناوەڕاستی نەتەوەکاندا داممەزراند، چەند خاکێکیش بە چواردەوریدا.

6 جا لە نەتەوەکان و لە خاکەکانی دەوروبەری خراپتر لە حوکم و لە فەرزەکانم یاخی بوو، چونکە حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن.

7 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو نەتەوانەی دەوروبەرتان زیاتر هاتوهەراتان کرد و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن و بەپێی حوکمەکانی منتان نەکرد. تەنانەت بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەریشتان نەڕۆیشتن.

8 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئۆرشەلیم، منیش لە دژی تۆم، لەبەرچاوی نەتەوەکان سزاکان بەسەرتدا دەسەپێنم.

9 لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت، وات پێ دەکەم کە نەمکردووە، پاشان وەک ئەوە ناکەمەوە.

10 لەبەر ئەوە لەناو تۆدا باوک کوڕ دەخوات و کوڕیش باوکی دەخوات، سزاکانم دەسەپێنم و هەموو پاشماوەکەت بە دەم هەموو بایەکەوە پەرتەوازە دەکەم.

11 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی بە هەموو پەیکەرە گڵاو و وێنە قێزەونەکانت پیرۆزگای منت گڵاوکرد، پاڵپشتیت ناکەم و بە چاوی بەزەییەوە تەماشات ناکەم و دەستم لێت ناپارێزم.

12 سێیەکت بە دەرد دەمرێت و بە قاتوقڕی لە ناوەڕاستی تۆدا لەناودەچن، سێیەکیشت بە شمشێر لە دەوروبەرت دەکوژرێن، سێیەکیشت بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازە دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.

13 «ئینجا تووڕەییم تەواو دەبێت و هەڵچوونم دادەمرکێتەوە و تۆڵەیان لێ ناکەمەوە. کاتێک هەڵچوونم هەڵڕشت دەزانن کە من یەزدانم لە کاتی دڵگەرمیم فەرمووم.

14 «وێران و ڕیسوات دەکەم لەنێو ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان، لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک.

15 جا ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان لێت دەتۆقن و دەبیتە مایەی ڕیسوایی و جنێو و ئاگادارکردنەوە، کە بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرزەنشتی توندەوە سزام بەسەرتدا سەپاند. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.

16 کە تیری کوشندەی قاتوقڕیم تێگرتن، ئەوەی بۆ وێرانی دەبێت، بۆ وێرانیتان دەیهاوێم. نانتان لێ دەبڕم و قاتوقڕیتان لەسەر زیاد دەکەم.

17 کاتێک قاتوقڕی و دڕندەی خراپ دەنێرمە سەرتان، جەرگتان دەسووتێنن. دەرد و خوێن بەناوتدا تێدەپەڕێت و شمشێر بەسەرتدا دەهێنم. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan