Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

حزقیێل 14 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


حوکمی بتپەرستان

1 چەند پیاوێک لە پیرەکانی ئیسرائیل هاتنە لام و لەبەردەمم دانیشتن.

2 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

3 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پیاوانە لە دڵەوە بتپەرستی دەکەن و کۆسپی تاوانکارییان لەبەردەمی خۆیان داناوە، جا ئایا لەلایەن ئەوانەوە هیچ پرسێکم پێ بکرێت؟

4 لەبەر ئەوە قسەیان لەگەڵ بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرکەسێک لە بنەماڵەی ئیسرائیل لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەر ڕووی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە، ئەوا من کە یەزدانم بەگوێرەی دڵسۆزییە زۆرەکەی بۆ بتەکانی وەڵامی دەدەمەوە.

5 وا دەکەم بۆ ئەوەی دڵی بنەماڵەی ئیسرائیل بەدەستبهێنمەوە، چونکە هەموویان لەبەر بتەکانیان لە من هەڵگەڕانەوە.“

6 «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆبە بکەن! لە بتەکانتان بگەڕێنەوە و ڕووتان لە هەموو نەریتە قێزەونەکانتان وەربگێڕن.

7 «”ئەگەر هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل یان لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن لە من دووربکەوێتەوە و لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەردەمی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە هەتا پرس بە من بکات، من کە یەزدانم خۆم وەڵامی دەدەمەوە.

8 ڕووی خۆم لەو کەسە وەردەگێڕم و دەیکەمە نیشانە و پەند. لەنێو گەلەکەم ڕیشەکێشی دەکەم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.

9 «”ئەگەر پێغەمبەرەکە بە فریودراوی قسەیەکی کرد، من کە یەزدانم ئەو پێغەمبەرەم فریوداوە و دەستی بۆ درێژ دەکەم و لەنێو گەلەکەم دەیفەوتێنم.

10 تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت، تاوانی پێغەمبەرەکەش وەک تاوانی داواکارەکە دەبێت.

11 ئیتر جارێکی دیکە بنەماڵەی ئیسرائیل نە لە من گومڕا دەبن و نە گڵاو دەبن بەهۆی هەموو گوناهەکانیان، بەڵکو دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»


دەربازبوون لە حوکمی یەزدان مەحاڵە

12 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

13 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەگەر هەر نەتەوەیەک دەرحەق بە من گوناه بکات، بەوەی ناپاکییەکم لەگەڵ بکات، منیش دەستم درێژ کردە سەری و نانیم بڕی و قاتوقڕیم ناردە سەری، مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد،

14 هەرچەندە ئەم سێ پیاوەشی تێدابێت، نوح و دانیال و ئەیوب، ئەوان بە ڕاستودروستی تەنها خۆیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

15 «ئەگەر گیانلەبەری دڕندە بەناو خاکی ئەو نەتەوەیەدا ڕەت بکەم و وەجاخکوێری بکەن و بەهۆی گیانلەبەرەکانەوە ببێتە چۆڵەوانی بەبێ ڕێبوار،

16 بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لە ناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها فریای خۆیان دەکەون و خاکەکەش دەبێتە چۆڵەوانی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

17 «یان ئەگەر شمشێرم هێنایە سەر ئەو خاکە و فەرمووم: ”با شمشێر بەناو ئەم خاکەدا تێبپەڕێت،“ ئیتر مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد،

18 بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لە ناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها خۆیان دەرباز دەکەن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

19 «یان ئەگەر دەردم ناردە سەر ئەو خاکە و بە خوێن تووڕەیی خۆم لێی دەربڕی، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە،

20 ئەگەر نوح و دانیال و ئەیوبیش لە ناوەڕاستی بوون، بە گیانی خۆم، ئەوان فریای کوڕ و کچێکیش ناکەون، بەڵکو بە ڕاستودروستییەکەیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

21 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی چەند زیاتر، کاتێک چوار حوکمە توندەکانم دەنێرمە سەر ئۆرشەلیم، شمشێر و قاتوقڕی و گیانلەبەری دڕندە و دەرد، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە.

22 بەڵام هەندێکیان ماونەتەوە و دەربازبوون، کوڕان و کچان کە لە شارەکەوە دەردەهێنرێن. ئەوەتا بۆ لاتان دێنە دەرەوە و ئێوەش تەماشای ڕەفتار و کردەوەیان دەکەن و دڵنەوایی دەکرێن لەبەر ئەو بەڵایەی بەسەر ئۆرشەلیمم هێنا.

23 کە ڕەفتار و کردەوەی خراپیان دەبینن، ئەوا دڵنەوایی خۆتان دەکەن، چونکە ئەو کاتە دەزانن کە من بەبێ هۆ هەموو ئەوانەم تێیدا نەکرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan