Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

دواوتار 34 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


مردنی موسا

1 ئینجا موسا لە دەشتەکانی مۆئابەوە بۆ چیای نیبۆ سەرکەوت بۆ سەری پسگە، کە بەرامبەر ئەریحایە، جا یەزدان هەموو خاکەکەی پیشان دا، لە گلعادەوە هەتا دان و

2 هەموو نەفتالی و خاکی ئەفرایم و مەنەشە و هەموو خاکی یەهودا هەتا دەریای ڕۆژئاوا و

3 نەقەب و هەموو ناوچەکە، لە دۆڵی ئەریحاوە «شاری دار خورما» هەتا زۆعەر،

4 یەزدان پێی فەرموو: «ئەوە ئەو خاکەیە کە سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ وا بە چاوەکانی خۆت پێم پیشان دایت، بەڵام تۆ بۆ ئەوێ ناپەڕیتەوە.»

5 جا موسای بەندەی یەزدان لەوێ مرد، لە خاکی مۆئاب بەگوێرەی فەرمانی یەزدان.

6 یەزدان لە خاکی مۆئاب لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ناشتی، هەتا ئەمڕۆش کەس گۆڕەکەی پێ نازانێت.

7 موسا تەمەنی سەد و بیست ساڵ بوو کاتێک مرد، هێشتا چاوەکانی کز نەببوون و هێزی لەبەر نەبڕابوو.

8 جا نەوەی ئیسرائیل لە دەشتەکانی مۆئاب سی ڕۆژ ماتەمیان بۆ گێڕا، ئینجا ڕۆژانی گریان و شیوەنی موسا تەواو بوو.

9 یەشوعی کوڕی نونیش پڕ بوو لە ڕۆحی دانایی، چونکە موسا دەستی لەسەر دانابوو. ئیتر نەوەی ئیسرائیل گوێیان لێ گرت و ئاوایان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.

10 جا هیچ پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل پەیدا نەبوو وەک موسا کە یەزدانی ڕوو بە ڕوو ناسی،

11 لە هەموو ئەو نیشانە و پەرجووانەی یەزدان ناردی هەتا لە خاکی میسر بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی بکات.

12 هەرگیز کەس ئەو توانا مەزنەی پیشان نەداوە و ئەو کارە مەزن و سامناکانەی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل نەکردووە کە موسا کردی.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan