Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

دواوتار 30 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


سەرکەوتن دوای گەڕانەوە بۆ لای یەزدان

1 «کاتێک هەموو ئەم بەرەکەت و نەفرەتەی کە خستوومەتە بەردەمتان بەسەرتان دێت، یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەرتاندەکات، ئینجا بەخۆتاندا دەچنەوە،

2 وە کاتێک خۆتان و منداڵەکانتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە دەگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان و گوێڕایەڵی دەبن، بەگوێرەی هەموو ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم،

3 ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕاپێچکراوی دەتانگەڕێنێتەوە و بەزەیی پێتاندا دێتەوە، دووبارە کۆتان دەکاتەوە لەنێو هەموو ئەو گەلانەی یەزدانی پەروەردگارتان بەناویاندا پەرشوبڵاوی کردنەوە.

4 ئەگەر بۆ ئەوپەڕی ئاسمان پەرشوبڵاو کرابنەوە، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لەوێوە کۆتان دەکاتەوە و لەوێوە دەتانگەڕێنێتەوە و

5 یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە ئەو خاکەی کە باوباپیرانتان خاوەنی بوون، جا ئێوە دەستی بەسەردا دەگرن و سەرکەوتووتان دەکات و لە باوباپیرانتان زۆرترتان دەکات.

6 یەزدانی پەروەردگارتان دڵی خۆتان و دڵی نەوەکەتان خەتەنە دەکات، تاکو یەزدانی پەروەردگارتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە خۆشبوێت بۆ ئەوەی بژین.

7 هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان هەموو ئەم نەفرەتانە دەخاتە سەر دوژمنەکانتان و ئەوانەی ڕقیان لێتانە و دەتانچەوسێننەوە،

8 بەڵام ئێوە دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی یەزدان دەبن و کار بە هەموو فەرمانەکانی دەکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.

9 ئینجا یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کارەکانی دەستتان سەروەت و سامانتان زۆر دەکات، لە بەری سک و ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی خاک، چونکە یەزدان سەرلەنوێ پێتان دڵخۆش دەبێت و سەرکەوتووتان دەکات، وەک بە باوباپیرانتان دڵخۆش بوو،

10 ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون، ئەگەر پڕ بە دڵتان و لە ناختانەوە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان گەڕانەوە.


دانانی ژیان و مردن

11 «ئەم فەرمانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، لەسەرتان قورس نییە و لێتانەوە دوور نییە.

12 لە ئاسمان نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان سەردەکەوێتە ئاسمان و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“

13 هەروەها لە پشتی دەریا نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان لە دەریا دەپەڕێتەوە و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“

14 بەڵکو پەیامەکە زۆر لێتان نزیکە، لەسەر زمانتانە و لە دڵتاندایە، هەتا کاری پێ بکەن.

15 «بڕوانن، من ئەمڕۆ ژیان و چاکە، مردن و خراپەم خستووەتە بەردەمتان،

16 لەبەر ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانم پێکردن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و ڕێگاکانی بگرنەبەر و فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن و یاساکانی پەیڕەو بکەن، بۆ ئەوەی ئێوە بژین و گەشە بکەن و یەزدانی پەروەردگارتان لەو خاکەی ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، بەرەکەتدارتان بکات.

17 «بەڵام ئەگەر دڵتان لاچوو و گوێتان نەگرت، بەڵکو گومڕا بوون و بۆ خودای دیکە کڕنۆشتان برد و خزمەتتان کردن،

18 ئەوا من ئەمڕۆ پێتان ڕادەگەیەنم کە ئێوە بێگومان لەناودەچن، تەمەن درێژ نابن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوی و دەستی بەسەردا بگرن.

19 «من ئەمڕۆ ئاسمان و زەویتان لێ دەکەمە شایەت، کە من ژیان و مردن، بەرەکەت و نەفرەتم لەبەردەمتان داناوە، جا ژیان هەڵبژێرن هەتا خۆتان و نەوەکانتان بژین،

20 هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و گوێ لە دەنگی بگرن و دەستی پێوە بگرن. لەبەر ئەوەی ئەو ژیانتانە و درێژە بە تەمەنتان دەدات هەتا لەو خاکە نیشتەجێ بن کە یەزدان بۆ باوباپیرانتان ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب سوێندی خوارد کە بیانداتێ.»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan