Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

ئامۆس 8 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


سەبەتەیەک میوەی گەییو

1 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو.

2 جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.» ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!

3 «لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

4 ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە، هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن، گوێتان لەمە بێت:

5 ئێوە دەڵێن، «کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین، کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت، تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟» بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و نرخ زیاد بکەن و فێڵ لە تەرازوو بکەن،

6 بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و نەداران بە جووتێک پێڵاو و بن بێژنگی گەنم بفرۆشن.

7 یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم.

8 «ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟ هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت، وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.»

9 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «جا لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم.

10 جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە. جلوبەرگی گوش دەکەمە بەر هەمووتان و قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم. دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.»

11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە، نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو، بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان.

12 جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن، بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن، بەڵام نایدۆزنەوە.

13 لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە.

14 ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و دەڵێن: ”ئەی دان، سوێند بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…“ و ”سوێند بە خوداوەندی بیری شابەع کە زیندووە…“ جا دەکەون و ئیتر هەڵناستنەوە.»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan