Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

ئامۆس 7 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


شێوەی کوللە و ئاگر و شاووڵێک

1 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە.

2 پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»

3 یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.»

4 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی لووشدا، خاکەکەشی خوارد.

5 ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»

6 یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە. یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.»

7 ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو.

8 یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «شاووڵ.» ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لە ناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!

9 «نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن، بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.»


ئامۆس و ئەمەسیا

10 جا ئەمەسیای کاهینی بێت‌ئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لە ناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت،»

11 چونکە ئامۆس وای گوتووە: «”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت، ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“»

12 ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە.

13 بەڵام چیتر لە بێت‌ئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.»

14 ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم.

15 بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم: ”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“

16 ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت: «”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە، لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“

17 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات، کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن، زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت، خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت، ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan