ئامۆس 3 - كوردی سۆرانی ستاندهردبانگکردنی شایەتەکان لە دژی ئیسرائیل 1 ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێتان لەم فەرمایشتە بێت کە یەزدان فەرموویەتی، لە دژی ئێوە و هەموو ئەو خێڵەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان، کە فەرمووی: 2 «تەنها ئێوەم ناسی لە هەموو خێڵەکانی زەوی، لەبەر ئەوە سزاتان دەدەم، لەسەر هەموو تاوانەکانتان.» 3 ئایا دووان پێکەوە هاتوچۆ دەکەن، بێ ئەوەی ڕێک بکەون؟ 4 ئایا شێر لە دارستان دەنەڕێنێت، ئەگەر نێچیری نەبێت؟ ئایا بەچکە شێر لە لانەکەیەوە دەنگی دێت، بێ ئەوەی هیچی ڕفاندبێت؟ 5 ئایا باڵندە دەکەوێتە ناو داوی زەوییەوە، لە کاتێکدا تەڵەی بۆ نەنرابێتەوە؟ ئایا تەڵە لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە، ئەگەر هیچی نەگرتبێت؟ 6 ئەگەر کەڕەنا لە شاردا لێبدرێت، ئایا گەل ناترسێت؟ ئەگەر بەڵایەک لە شاردا ڕوو بدات، ئایا یەزدان نەیکردووە؟ 7 بێگومان یەزدانی باڵادەست هیچ کارێک ناکات بێ ئەوەی نهێنییەکەی بۆ بەندە پێغەمبەرەکانی ئاشکرا بکات. 8 شێر نەڕاندی، کێ ناترسێت؟ یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت، کێ هەیە بتوانێت پەیامی خودا ڕانەگەیەنێت؟ 9 بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و پێیان بڵێن: «لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە، ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن، ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.» 10 یەزدان دەفەرموێت: «نازانن کاری باش بکەن، ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.» 11 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.» 12 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک لە دەمی شێر دەردەهێنێت، ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.» 13 «گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار، خودای سوپاسالارە. 14 «لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی، سزای قوربانگاکانی بێتئێلیش دەدەم، جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و دەکەونە سەر زەوی. 15 کۆشکی زستانە دادەڕمێنم، هەروەها کۆشکی هاوینەش، کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.