Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

كردار 18 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


پۆڵس لە کۆرنسۆس

1 لەدوای ئەمە پۆڵس ئەسینای بەجێهێشت و هاتە کۆرنسۆس.

2 لەوێ جولەکەیەکی دۆزییەوە بە ناوی ئەکیلا، خەڵکی پۆنتۆس بوو، تازە لەگەڵ پریسکیلای ژنی لە ئیتالیاوە هاتبوون، چونکە کلودیۆس فەرمانی دابوو هەموو جولەکە ڕۆما بەجێبهێڵن. پۆڵس ئیتر چووە لایان

3 و بەهۆی هاوپیشەییان لەلایان مایەوە و ئیشی دەکرد، چونکە پیشەیان چادر دروستکردن بوو.

4 پۆڵس هەموو شەممەیەک لە کەنیشت گفتوگۆی دەکرد و هەوڵی دەدا قەناعەت بە جولەکە و یۆنانییەکان بهێنێت.

5 کاتێک سیلا و تیمۆساوس لە مەکدۆنیاوە هاتن، پۆڵس خۆی بۆ خزمەتی پەیامی مەسیح تەرخان کرد و لەنێو جولەکەکاندا شایەتی دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە.

6 بەڵام کاتێک دژایەتییان کرد و جنێویان پێدا، کراسەکەی تەکاند و پێی گوتن: «خوێنی خۆتان لەسەر خۆتان! من بێتاوانم. لە ئێستاوە دەچمە لای ناجولەکەکان.»

7 ئیتر پۆڵس کەنیشتەکەی بەجێهێشت و چووە ماڵی پیاوێکی خواپەرست بە ناوی تیتیۆس یوستۆس، کە ماڵەکەی لەتەنیشت کەنیشتەوە بوو.

8 کریسپۆسی پێشەوای کەنیشتەکە خۆی و خاووخێزانی باوەڕیان بە عیسای خاوەن شکۆ هێنا. هەروەها زۆر لە خەڵکی کۆرنسۆس کە گوێیان لە پۆڵس بوو باوەڕیان هێنا و لە ئاو هەڵکێشران.


قسە بکە و بێدەنگ مەبە

9 شەوێک مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینینێکدا بە پۆڵسی فەرموو: «مەترسە، بەڵکو قسە بکە و بێدەنگ مەبە،

10 چونکە من لەگەڵتدام، کەس هێرش ناکاتە سەرت بۆ ئەوەی ئازارت بدات، چونکە خەڵکێکی زۆرم هەیە لەم شارە.»

11 ئیتر پۆڵس ساڵێک و شەش مانگ لەگەڵیان مایەوە و پەیامی خودای فێر دەکردن.

12 لەو سەردەمەی گالیۆن فەرمانڕەوای ئەخایا بوو، جولەکە هەموویان پێکەوە هێرشیان کردە سەر پۆڵس و بردیان بۆ دادگا،

13 گوتیان: «ئەم پیاوە قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا کە بە پێچەوانەی تەورات خودا بپەرستن.»

14 کە پۆڵس خەریک بوو دەمی بکاتەوە، گالیۆن بە جولەکەکانی گوت: «جولەکەکان، ئەگەر بابەتەکە ناڕەوایی یان تاوانێکی خراپ بووایە، وەک هۆیەک گوێم لە سکاڵاتان دەگرت.

15 بەڵام ئەگەر بابەتەکە لەسەر وشە و ناو و تەوراتتانە، خۆتان تەماشای بکەن. نامەوێت لەم بابەتانەدا ببمە دادوەر.»

16 ئیتر لە دادگا دەریکردن.

17 ئیتر هەموو خەڵک سۆستانیسی پێشەوای کەنیشتیان گرت و لەبەردەم دادگا لێیاندا، گالیۆنیش گوێی بەمە نەدا.


گەڕانەوەی پۆڵس بۆ ئەنتاکیا

18 پۆڵس ڕۆژانێکی زۆر مایەوە، ئینجا ماڵئاوایی لە برایان کرد و لەگەڵ پریسکیلا و ئەکیلا بە دەریادا بەرەو سوریا ڕۆیشت. پاشان لە کەنخریا سەری تاشی، چونکە نەزری لەسەر بوو.

19 کاتێک گەیشتنە ئەفەسۆس، پۆڵس پریسکیلا و ئەکیلای لەوێ بەجێهێشت و خۆی چووە کەنیشت و لەگەڵ جولەکەکان دەستی بە گفتوگۆ کرد.

20 ئەوانیش داوایان لێکرد ماوەیەکی زیاتر لایان بمێنێتەوە، بەڵام ڕازی نەبوو.

21 ئیتر ماڵئاوایی لێکردن و گوتی: «خودا حەز بکات دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.» ئینجا لە ئەفەسۆسەوە بە دەریادا ڕۆیشت.

22 لە بەندەری قەیسەرییە دابەزی، بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت و سڵاوی لە کڵێسا کرد، ئینجا بەرەو خوار چوو بۆ ئەنتاکیا.

23 پۆڵس ماوەیەک لە ئەنتاکیا مایەوە و پاشان ڕۆیشت و لە ناوچەکانی گەلاتیا و فریجیا شوێن بە شوێن دەگەڕا، ورەی هەموو قوتابییەکانی بەرز دەکردەوە.

24 جولەکەیەکی خەڵکی ئەسکەندەریە بە ناوی ئەپۆلۆس هات بۆ ئەفەسۆس، زمان پاراو و لە نووسراوە پیرۆزەکان شارەزا بوو.

25 فێری ڕێگای مەسیحی خاوەن شکۆ کرابوو، بە دڵگەرمی دەدوا و بە دروستی خەڵکی فێری پەیامی عیسا دەکرد، هەرچەندە تەنها لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیای دەزانی.

26 بە چاونەترسییەوە دەستی کرد بە قسەکردن لە کەنیشت. کە پریسکیلا و ئەکیلا گوێیان لێی بوو، بانگهێشتی ماڵی خۆیان کرد و دروستتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوونکردەوە.

27 کاتێک ئەپۆلۆس حەزی کرد بچێت بۆ ناوچەی ئەخایا، برایان هانیان دا و بۆ قوتابییەکانیان نووسی پێشوازیی لێ بکەن. کاتێک هاتە ئەوێ، یارمەتییەکی زۆری ئەوانەی دا کە بەهۆی نیعمەتی خوداوە باوەڕیان هێنابوو،

28 چونکە بە هێزەوە و بە گفتوگۆی ئاشکرا جولەکە بەرهەڵستکارەکانی بێدەنگ دەکرد، لە ڕێگەی نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەیسەلماند کە عیسا مەسیحەکەیە.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan