یەکەم سالۆنیکی 1 - كوردی سۆرانی ستاندهرد1 لە پۆڵس و سیلا و تیمۆساوسەوە، بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان کە لەگەڵ خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک: با نیعمەت و ئاشتیتان لەگەڵ بێت. سوپاسگوزاری بۆ باوەڕداران 2 هەموو کات لە پێناوی هەر یەکێکتاندا سوپاسی خودا دەکەین و بێ بڕانەوە لە نوێژەکانمان یادتان دەکەین، 3 بەردەوام لەبەردەم خودای باوکماندا ئەو کارانەتان بەبیر دەهێنینەوە کە بەرهەمی باوەڕتانە، هەروەها ئەو ڕەنجەتان کە لە خۆشەویستییەوەیە و ئەو دانبەخۆداگرتنەشتان کە سەرچاوە دەگرێت لە هیواتان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. 4 ئەی خوشکان و برایان، خۆشەویستانی خودا، دەزانین کە خودا ئێوەی هەڵبژاردووە، 5 چونکە تەنها بە قسە پەیامی ئینجیلمان بۆ نەهێنان، بەڵکو بە هێز و بە ڕۆحی پیرۆز و بە دڵنیایی تەواوەوە، وەک دەزانن لە پێناوی ئێوە لەنێوانتاندا چ جۆرە کەسێک بووین. 6 ئێوەش لاسایی ئێمە و مەسیحی خاوەن شکۆتان کردەوە، لە تەنگانەیەکی گەورەدا بە خۆشی ڕۆحی پیرۆز پێشوازیتان لە پەیامەکە کرد، 7 تاکو بوونە نموونە بۆ هەموو باوەڕداران لە مەکدۆنیا و ئەخایا. 8 پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای ئێوەوە بڵاو کرایەوە، نەک تەنها لە مەکدۆنیا و ئەخایا، بەڵکو ناوبانگی باوەڕتان بە خودا لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بووەتەوە. لەبەر ئەوە پێویست ناکات هیچ شتێک بڵێین، 9 چونکە خۆیان باسمان دەکەن کە پێشوازیتان لە ئێمە چۆن بووە و چۆن لە بتپەرستییەوە گەڕاونەتەوە بۆ لای خودا، تاکو خودای زیندوو و ڕاست بپەرستن و 10 چاوەڕێی کوڕەکەی بکەن لە ئاسمان، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، مەبەست لە عیسایە، کە لە تووڕەیی داهاتووی خودا دەربازمان دەکات. |
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.
Biblica, Inc.