Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

یەکەم ساموئێل 27 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


نیشتەجێبوونی داود لەنێو فەلەستییەکان

1 داود لە دڵی خۆیدا گوتی: «بێگومان ڕۆژێک بە دەستی شاول دەفەوتێم، لەبەر ئەوە باشترین شت بۆ من ئەوەیە هەڵبێم و خۆم دەرباز بکەم بۆ خاکی فەلەستییەکان، ئیتر شاول نائومێد دەبێت لە گەڕان بەدوامدا لەنێو سنوورەکانی ئیسرائیل و منیش لە دەستی دەرباز دەبم.»

2 داود هەستا و خۆی و ئەو شەش سەد پیاوەی لەگەڵی بوون پەڕینەوە بۆ لای ئاخیشی کوڕی ماعۆخی پاشای گەت.

3 ئیتر داود لە گەت لەلای ئاخیش مایەوە، خۆی و پیاوەکانی، هەریەکە و خێزانەکەی خۆی لەگەڵی بوو، داودیش لەگەڵ هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایلی کارمەلی کە بێوەژنی نابال بوو.

4 بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود بۆ گەت هەڵاتووە، ئیتر ئەویش بەدوایدا نەگەڕا.

5 داود بە ئاخیشی گوت: «ئەگەر لەبەرچاوت جێی ڕەزامەندی تۆم، لە یەکێک لە شارۆچکە دوورەدەستەکان شوێنێکم بدەرێ و با لەوێ نیشتەجێ بم، بۆچی خزمەتکارەکەت لەناو پایتەخت لەگەڵت نیشتەجێ بێت؟»

6 لەبەر ئەوە لەو ڕۆژەدا ئاخیش چیقلەگی پێدا، بۆیە لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆش چیقلەگ بووە بە هی پاشاکانی یەهودا.

7 داود ساڵێک و چوار مانگ لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو.

8 لەو ماوەیەدا داود و پیاوەکانی سەردەکەوتن و پەلاماری گەشووری و گیرزی و عەمالێقییەکانیان دەدا، چونکە ئەمانە لە کۆنەوە دانیشتووانی خاکەکە بوون، لەلای شوورەوە هەتا خاکی میسر.

9 هەر کاتێک داود هێرشی دەکردە سەر هەرێمێک پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە، مەڕ و مانگا و گوێدرێژ و وشتر و جلوبەرگی دەبرد و دەگەڕایەوە، دەهاتەوە لای ئاخیش.

10 کاتێک ئاخیش پرسیاری لێ دەکرد: «ئەمڕۆ پەلاماری کوێتان داوە؟» داودیش دەیگوت: «نەقەبی یەهودا» یان «نەقەبی یەرەحمێلییەکان» یان «نەقەبی قێنییەکان.»

11 داود پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە هەتا بێنە گەت، چونکە دەیگوت: «نەوەک لە گەت ڕابگەیەنن: ”داود ئەمەی کردووە.“» ئەمە پیشەی ڕۆژانەی بوو لە هەموو ئەو ماوەیەی لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو.

12 ئاخیش بڕوای بە داود دەکرد و دەیگوت: «داود لەلای ئیسرائیلی گەلی خۆی بە تەواوی قێزەون بووە، جا هەتاهەتایە دەبێتە بەندەم.»

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan