Biblia Todo Logo
Bìoball air-loidhne

- Sanasan -

یەکەم پاشایان 5 - كوردی سۆرانی ستانده‌رد


ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا

1 کاتێک حیرامی پاشای هەرێمی سور بیستی کە سلێمانیان دەستنیشان کردووە بۆ پاشایەتی لە شوێنی باوکی، خزمەتکارەکانی خۆی ناردە لای، چونکە حیرام بە درێژایی ژیانی هاوڕێ و دۆستی داود بوو.

2 سلێمانیش ناردی بۆ لای حیرام و گوتی:

3 «تۆ دەربارەی داودی باوکم دەزانیت، کە نەیتوانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری بنیاد بنێت، بەهۆی ئەو جەنگانەی دەوریان دا، هەتا ئەو کاتەی یەزدان دوژمنەکانی خستە ژێر پێیەوە.

4 بەڵام ئێستا یەزدانی پەروەردگارم لە هەموو لایەکەوە منی حەساندووەتەوە، نە ناحەز هەیە و نە ڕووداوی خراپ.

5 لەبەر ئەوە گوتم پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم، هەروەک چۆن یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”کوڕەکەت، ئەوەی لە شوێنی تۆ لەسەر تەختەکەت دایدەنێم ئەو ماڵەکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“

6 «ئێستاش فەرمان بدە با دار ئورزم لە لوبنانەوە بۆ ببڕنەوە، خزمەتکارەکانم لەگەڵ خزمەتکارەکانت دەبن و کرێی خزمەتکارەکانت پێدەدەم، بەگوێرەی هەموو ئەوەی تۆ دەیڵێیت، چونکە تۆ دەزانیت کەس نییە لەناومان بزانێت وەک سەیدائییەکان دار ببڕێتەوە.»

7 ئەوە بوو کە حیرام گوێی لە قسەکانی سلێمان بوو، زۆر دڵخۆش بوو و گوتی: «ئەمڕۆ ستایش بۆ یەزدان، ئەوەی کوڕێکی دانای دایە داود، هەتا فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە مەزنە بکات.»

8 ئیتر حیرام ناردی بۆ لای سلێمان و گوتی: «ئەوەی بۆ منت نارد گوێم لێی بوو، هەرچی ئارەزوو بکەیت ئەوە دەکەم بۆ داری ئورز و دار سنەوبەرەکان.

9 خزمەتکارەکانم لە لوبنانەوە بۆ دەریا دەیانهێنن و منیش لەسەر دەریا دەیانکەمە کەڵەک، هەتا ئەو شوێنەی خۆت دیاری دەکەیت لەوێ هەڵیاندەوەشێنمەوە و تۆش باریان دەکەیت. بە دابینکردنی نانیش بۆ ماڵەکەم خواستی من بەجێدەهێنیت.»

10 ئەوە بوو حیرام بەپێی ئارەزووی سلێمان داری ئورز و سنەوبەری دایێ.

11 سلێمانیش هەر ساڵێک بیست هەزار کۆر گەنم و بیست هەزار بەت زەیتی زەیتوونی وەک ئازووقە دەدایە ماڵی حیرام.

12 یەزدانیش هەروەک چۆن بەڵێنی پێدابوو دانایی دایە سلێمان، ئاشتی لەنێوان سلێمان و حیرام هەبوو، هەردووکیان پەیمانیان بەست.

13 سلێمانی پاشا لە هەموو ئیسرائیل بێگاری بە سی هەزار پیاو کرد.

14 هەر مانگە و بە نۆبە دە هەزاری لێیان دەناردە لوبنان، مانگێک لە لوبنان دەبوون و دوو مانگیش لە ماڵەوە، ئەدۆنیرامیش سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو.

15 سلێمان حەفتا هەزار کۆڵکێش و هەشتا هەزار نەقاڕی لە چیا هەبوو.

16 بێجگە لەمە سلێمان سێ هەزار و سێ سەد سەرکاریشی هەبوو سەرپەرشتی کارەکە و کرێکارەکانیان دەکرد.

17 هەروەها پاشا فەرمانی دا کە بەردی گەورە هەڵبکەنن، بەردی نایاب بۆ دامەزراندنی پەرستگاکە بە بەردی تاشراو.

18 وەستاکانی سلێمان و حیرام و کرێکارانی شاری جوبەیل دار و بەردەکانیان ئامادە کرد بۆ بنیادنانی پەرستگاکە.

‫کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™

‫مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ ‎Biblica, Inc‎.‎

‫بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™‎

‪Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc‎.‎

‪ Used with permission. All rights reserved worldwide.

Biblica, Inc.
Lean sinn:



Sanasan