کورتە باسێک
فیلیپی شارێکی مەکدۆنی بوو لە باشووری یۆنان، لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا بوو. دانیشتووانەکەی بە هاوڵاتی ڕۆمانی هەژمارد دەکران و زۆربەیان سەربازی خانەنشینکراوی ڕۆمانی بوون. لەدوای ئەوەی لە خەوندا پێی ڕاگەیەنرا (کردار 16:6-10)، پۆڵس و هاوەڵانی لە یەکەمین گەشتیان بۆ کیشوەری ئەوروپا یەکەمین کڵێسایان لەو کیشوەرە لە فیلیپی دامەزراند (کردار 16:11-40). دواتر کەسانێکی دیکە جێگەی ئەویان لە بەڕێوەبردنی کڵێساکەدا گرتەوە (4:15).
پۆڵس لە ساڵی (61 ز.) لەکاتێکدا لە ڕۆما لەنێو کۆتی بەندیخانەدا بوو، ئەم نامەیە بۆ باوەڕدارانی فیلیپی دەنووسێ. سوپاسیان دەکات سەبارەت بەو یارمەتییەی لەگەڵ دەستی ئەپەفرۆدیتۆس بۆیان ناردووەتە بەندیخانە (4:18). هەروەها تێیدا چەندین جار دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێ، بە تایبەتیش بۆ بەشداریکردنی ئەوان لە ڕاگەیاندنی مژدەی مەسیح (1:4-5). «هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن، دیسان دەڵێمەوە، دڵشاد بن!» (4:4).
لەم نامەیەدا باوەڕداران بۆ مزگێنیدان هاندەدات، تاکو لە یەکێتیدا بچەسپێنن و لە ئاست یەکتردا خۆیان بە بچووکتر بزانن. دواتر لە نێردراوی بەدکار ئاگاداریان دەکاتەوە (3:2-3،18-19). هەروەها دەریدەخات کە ناسینی مەسیح و یەکبوونی لەگەڵ ئەو لە هەستانەوە و ئازارکێشان ئامانجی سەرەکییەتی (3:10-14). دەکرێ ئەم نامەیە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بکەین:
1. سڵاو و نوێژ (1:1-11).
2. بارودۆخی نێردراویێتی پۆڵس (1:12-30).
3. ژیانی مەسیح نموونەیە بۆ خزمەت (2:1–2:18).
4. پێشکەشکردنی نموونەی کەسایەتییەکی چاک بۆ چاولێکردن (2:19-30).
5. ئاگادارکردنەوە لە دژی مامۆستای تەوراتگەریێتی و بەڕەڵایی (3:1–4:1).
6. هاندان و سڵاوی کۆتایی (4:2-23).